AP ١٤٠٤ خەرمانان ٢٠ ٠٧:٥١

ژیانی کوردەکانی نەشویل؛ کوردستانێکی چکۆلە لە دڵی ئەمریکادا

ژیانی کوردەکانی نەشویل؛ کوردستانێکی چکۆلە لە دڵی ئەمریکادا

شاری نەشویل لە ویلایەتی تێنێسیی ئەمریکا پاش وەرگرتنی خێڵی ئاوارەکانی کورد لە دەیەی 80ی سەدەی بیستەم تا بە ئەمڕۆ حەشیمەتێکی زۆری کوردی لەخۆ گرتووە و بە کوردستانێکی چکۆلە لە دڵی ئەمریکادا ناسراوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە ڕادیۆنی نیشتمانی ئەمریکا، دوو ساڵ پاش ئەوەی شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان بە دەستەخوشکی نەشویلی ئەمریکا ناوی لێ برا، ئامادەبوونی کۆمەڵگای کوردی لەو شارەدا زیاتر بەرچاو کەوتووە؛ لە ڕیستۆڕان و بازاڕی کوردییەوە بگرە تا جەژن و ڕێوڕەسمە فەرهەنگی و پڕۆگرامە وەرزشییە کوردییەکانەوە، نەشویل بۆتە هێمایەک لە دیاسپۆرای کوردەکان لە ئەمریکا.

پادکەستی "نیشتمانێک لە دڵی ئێمەدا" کە لەم دواییە لە لایەن ڕادیۆی خۆجیی(WPLN) بڵاو بۆتەوە، هەوڵی داوە بە ئاوڕدانەوە لە گێڕانەوەی کۆچبەرانی کورد، پەیوەندییەک لە نێوان ڕابردوو و ئێستای کۆمەڵگای کوردی نەشویل ساز بدات. ڕۆز گیلبێرت ئامادەکاری پڕۆگرامە، لەو بارەیەوە دەڵێت: هەڵبژاردنی ئەو بابەتە ئاماژە بۆ ڕاستییەکە کە کوردەکان لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ناچار لە کۆچ بۆ وڵاتانی تر بە تایبەت ئەمریکا و ئەورووپا بوونە و ئەم ئایدیایە، خاڵی پەیوەندیی بەرە جۆراوجۆرەکانی کۆچبەرانی کوردە کە لە نەشویلدا ژیانێکی نوێیان دەست پێکردووە.

بە گوێرەی گیلبێرت، بەشێکی گرینگی ئەو مێژووە بۆ دەیەی 1980 دەگەڕێتەوە؛ کاتێک کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال بە فەرمانی سەدام حسێن بووە هۆی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی گەلی کورد لە باکووری عێراق و خاپووربوونی هەزاران گوند و سەدان هەزار ئاوارەی کورد. زۆربەی خێزانە کوردەکان و لەوان خێزانی "نەش چاڵکە" کە باوکەکەیان پێشمەرگە بووە، پاش ساڵانێک هەڵاتن و خۆشاردنەوە لە پەناگە کاتییەکان، دواجار گەیشتوونەتە ئەمریکا و لە نەشویکدا نیشتەجێ بوون: ئێستاکە نەشویل بۆ ئەو خێزانە مانای سەرپەنا، خۆڕێکخستنەوە و شوناسی دووبارە دەدات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەوڕۆکە هەلومەرجەکان گۆڕاون و لە ساڵی 2025دا پلانی نیشتەجێتی پەنابەران بەردەوام تووشی ڕاگیڕان دەبێ و کەشی سیاسیی ئەمریکا بە نیسبەتی ڕابردوو کەمتر کۆچبەران وەردەگرێت. ئەم بابەتە بە تایبەت پاش شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچبەرانی کورد، بەتایبەت کوردەکانی تورکیا و لە ڕێگەی سنووری مەکزیکەوە بۆ خاکی ئەمریکا، بەرەوڕووی دژوارییەکی زۆر بۆتەوە. چونکە بەپێچەوانەی بەرەی یەکەمی کۆچبەرانی کوردی عێراقی کە لە ڕێگەی پرۆگرامە ڕێکخراوەکانەوە چوونەتە ئەمریکا، ئەم گرووپە نوێیە بەرەوڕووی ڕەوتی ئاڵۆزی دادگایی و ڕیوشوێنی توندی یاسایی و کۆمەڵایەتین.

ئەم کەلێنە لە نێوان دوو ئەزموونی کۆچبەری نیشان دەدا کە "کوردستانی چکۆلە"ی شاری نەشویل تەنیا گێڕانەوەیەکی کۆچبەری مێژوویی نییە، بەڵکوو ئێستاکە بۆتە شوێنی پێك‌گەیشتنەوەی دوو واقیعی دژواز: یادەوەریی ئاوارەیی لە دەیەی 1980 و ئاستەنگەکانی پەنابەرێتی لە ئەمریکای ئەوڕۆدا.

بەوەشەوە کۆمەڵگای کوردی لە نەشویکدا توانیویانە بە پاراستنی نەریت و ڕێوڕەسمەکانی خۆیان، شوناسێکی پاوەجێ ساز بدەن. بەڕیوەبردنی جەژنی نەورۆز کە لە 1994ـه‌وە بەردەوام بە ڕێک و پێکی لەو شارەدا بەڕیوە چووە، نمونەی بەرچاوی ئەو خۆڕاگرییە فەرهەنگییەیە. هەڵکردنی ئاگری هێمایین و کۆبوونەوەی هەزاران کەس نە تەنیا نیشاندەری گرتنی جەژنی دەسپێکی ساڵی نوێ، بەڵکوو سەلێنمەری خۆڕاگری و هیوای کۆمەڵگایەکە کە مێژووی پڕ لە ڕەنج و ئازاری خۆی کردۆتە دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدانەوەی.

لەو سۆنگەوە "کوردستانی چکۆلە"ی نەشویل بەرزترە لە گەڕەکێکی کۆچبەری و کوردەکانی ئەو کوردستانە ڕەنگدانەوەی ئاستەنگی بەربڵاوتری سیاسەتی کۆچبەریی ئەمریکا و ڕۆڵی دیاسپۆرا لە پێناسەکردنەوەی شوناسەکان لە وڵاتێکی نوێدان. ئەزموونی کوردی نەشویل نیشان دەدا کە بڕیارە سیاسییەکانی واشنتۆن لە ئەنفالی سەدامەوە تا سنووردارکردنی ڕێگەی بەردەم پەنابەران، چۆناوچۆن ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر چارەنووسی خەڵکی تاراوەبوو و داهاتووی بەرەکانیان لە ئەمریکادا.

News ID 56727

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha